ئەنتۆنی ئەلبانیزی سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، هاوتا ئیسرائیلییەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، لەبارەی دۆخی مرۆیی کەرتی غەززە، "لە حاڵەتی ئینکاریدایە"، ئەمەش رۆژێک دوای ئەوەی وتی، ئوسترالیا بۆ یەکەمجار دان بە دەوڵەتێکی فەلەستینیدا دەنێت.
ئەلبانیزی وتیشی، "دوودڵی حکومەتەکەی ناتانیاهۆ لە گوێگرتن لە هاوپەیمانەکانی، هۆکاربووە لە بڕیارەکەی ئوسترالیا بۆ داننان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی.
بڕیاری ئوسترالیا بۆ داننان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی دوای ئەو بەڵێنانەی کە لە دەسەڵاتی فەلەستین وەریگرتووە دێت، لەوانەش "حەماس هیچ رۆڵێکی لە دەوڵەتی داهاتووی فەلەستین دا نابێت".
دوای راگەیاندنی هەڵوێستی فەرەنسا، بەریتانیا و کەنەدا لەسەر رەوشی غەززە، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی داهاتوودا وڵاتەکەی دان بە دەوڵەتی فەلەستین دا دەنێت، ئەمەش هەنگاوێکە کە فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئیسرائیل زیاد دەکات.