غازی فەیسەڵ کارگێڕی مەڵبەندی ٢٠ی قەرەچوغ و فەرماندەی ھێزی خۆبەخش لەبناری چیای قەرەچوغ رونکردنەوەیکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، چەند رۆژێکە بەتایبەتی دوای پەلامارەکەی داعش بۆ سەر گوندی خدرجیجە، چەند پەیج و سایتێکی سێبەر و بێ دایک و باوک و پەیجی یەکەی ٨٠ ھێرشێکی ناڕەوایان دژی من وەک فەرماندەی  پێشمەرگەی خۆبەخش دەستپێکردوە.


لە بەشێکی تری روونکردنەوەکەدا ھاتووە، لەو سنورە ماوەی چوار ساڵە لە بۆشاییەکی نێوان ھێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگەدان، لەو ماوەیە تائێستا بە پشتیوانی ژمارەیەک کادر و فەرماندەی پێشمەرگە و جوتیارانی ناوچەکە،  کە ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕن و بە ئیمکانیەتێکی زۆر کەمی چەک و تەقەمەنیەوە، شەڕی ڕوبەڕوبونەوە و شەڕی ڕاگەیاندن و فکری داعشیان کردووە.


دەشڵێت، ھەر لەو ماوەیەدا بە بەرچاوی یەکەی ٨٠ و ھەموو خەڵکی ناوچەکە لە شاخی قەرەچوخ، نەیان ھێشتووە داعش پیلانەکانی جێبەجێ بکات، دەیان جاریش ھێرشەکانیان تێک شکاندون و لە رێگەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان و ھێزەکانی عێراق بەرگرییەکی بێوێنەیان لەناوچەکە کردوە، بەڵام لە بری دەستخۆشی، راگەیەندراویان لەسەر دەرکردوە، وەک ئەوەی ئەوان ھۆکاری لەدەستدانی سنورەکە و ھۆکاری ھێنانی داعش بن بۆ شاخی قەرەچوخ.


داوا لە ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی حکومەتی بەغداد و ھەرێم و ھاوپەیمانانیش دەکات، لیژنەیەک پێکبھێنن و سەردانی سنورەکە بکەن، بۆئەوەی راستییەکان بەچاوی خۆیان ببینن و چارەسەرێکی بە پەلەی ناوچەکە بکەن.