رۆژانە ١٠ تا ١٢ سەعات کارەبای نیشتیمانی بە ھاوڵاتیانی ھەرێم دەدرێت
٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١
وەزارەتی کارەبای ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی ھەڵکشانی خواست لەسەر کارەبا و ھاتنی شەپۆلێکی سەرما و سۆڵە، ماوەکانی پێدانی کارەبا بۆ ١٠ تا ١٢ سەعات کەم بووەتەوە.
راشیگەیاند، خواستی ھاوڵاتیان لەسەر کارەبا شەش ھەزار مێگاواتە بەڵام لە ئێستادا رۆژانە وەزارەتی کارەبا تەنھا ٢٨٠٠ مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنێت. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کار بۆ گەڕاندنەوەی دوو یەکەی وێستگەی ھەڵمیی خەبات دەکات و تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە ٣٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ ناو تۆڕی نیشتمانی کارەبا دەگەڕێتەوە و رەوشی کارەبا باشتر دەبێت.
ئەم روونکردنەوەی کارەبا دوای ئەوە دێت کە رۆژی ٢٨ی تشرینی دووەم واتە ھەشت رۆژ پێش ئێستا بە ھەمان شێوە رایگەیاند رەوشی کارەبا باشتر دەبێت بەڵام تا ئێستا رۆژانە ١٠ تا ١٢ سەعات کارەبا بە ھاوڵاتیان دەدرێت.