بەھۆی پارێزگاری نەکردن لە گوندی لھێبان دانیشتوانەکەی ماڵەکانیان چۆڵ دەکەن
کوردسات نیوز
٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١
گوندی لھێبان داعش ناحیەی سەرگەڕان پەلامار
"خدر عەلی" دانیشتووی گوندی لھێبان لە چیای قەرەچوغ سەر بە ناحیەی سەرگەڕان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، شەوی ڕابردوو تیرۆرستانی داعش چوار دەوری گوندەکەیان گرت و دەستیان کرد بە پەلاماردان، ھەر زوو پیاو و گەنجی گوندەکە لێیان ھاتنەدەست و سەرەڕای ئەوەی دانیشتوانی گوندەکە داوای بەھاناوەچوونیان لە ھێزە سەربازییەکانی ناوچەکە کرد بەڵام بەھانایانەوە نەچوون و تا سەعات "دوو "ی شەو شەڕ بەردەوام بوو، دواتر دانیشتوانی گوندەکە پەلاماری تیرۆرستانیان تێکشکاند.
وتیشی، ئەم بەیانییە خەڵکی گوند چواردەوری گوندەکەیان پشکنی و بۆیان دەرکەوت لە شەڕەکەی دوێنێ شەو چەکداری تیرۆرستان بریندار کراوە.
خدرعەلی راشیگەیاند، گوندی لھێبان نزیکەی ٤٥ ماڵی تێدایە بەڵام بەھۆی ئەوەی ھیچ ھێزێکی سەربازی عێراق و ھەرێم نایەت بەھانایانەوە ئەمڕۆ گوندەکەیان چۆڵ دەکەن و ماڵ و زەوی و زاریان دەکەوێتە دەستی داعش.