بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، پەلامارەکانی داعشی تیرۆریست و شەھیدبوونی پێشمەرگە و ھاوڵاتی سڤیل لە دەڤەری قەرەچوغ بە توندی ئیدانە دەکەین، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکارەکانیان دەکەین و ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
جەختی لەوەشکردەوە کە گرووپی تیرۆریستی داعش و مەترسییەکانی ھێشتا ماوە و ھێرشە یەک لەدوای یەکەکانیان ئاماژەن بۆ ھەوڵەکانی خۆرێکخستنەوەیان، بۆیە ئەرکی سەرشانی ھەموولایەکمانە، بەھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان و ھاوکارانمان لە ھێزە ھاوپەیمانەکان لەو مەترسییە ووردتر بەئاگا بین، ئەم جارە تەنھا لە رووی سەربازییەوە رووبەروویان نەبینەوە، بەڵکو بیر و شانە نوستووەکانیشیان لەبن بێنین، چونکە بیری توندڕەوی بەکردەیی چێندراوە و پێویستە ئەو بیرە توندە لە ‌پاڵ چارەسەرە سەربازییەکەدا ریشەکێش بکرێت.
 بۆیە داوا لە ‌برایانمان دەکەم، برا پێشمەرگەکانمان، وریاتر بن لە پاراستنی ژیانی خۆیان وەک چۆن خاک و نیشتمانەکەیان دەپارێزن، چونکە دڵۆپێک خوێنی پێشمەرگە ھێندەی گەورەیی وقورسایی شاخەکان بە ئازارە بۆ ئێمە.
دووبارە دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدان و سەبووری بۆ کەسوکارەکەیان دەخوازین.