بافڵ تاڵەبانی پرسەنامەیەک ئاڕاستەی خانەوادەی موحسین عەلی ئەکبەر دەکات
کوردسات نیوز
١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١
بە بۆنەی کۆچی دوایی ھەڤاڵی تێکۆشەر، سەرکردە و پێشمەرگەی دێرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و گەلەکەمان، مامۆستا موحسین عەلی ئەکبەر پرسە و ھاوخەمی قوڵی خۆمان ڕادەگەیەنین.
مامۆستا موحسن نموونەی شۆڕشگێڕی سەرڕاست، دڵسۆز و بە ئەمەک بوو بۆ گەل و خاکەکەی، کە ھەر لە سەرەتای تەمەنی لاویەتی وەک گەنجێکی خوێنەواری ژانگرتووی گەرمیانی تێکەڵ بە کۆڕی خەباتی ڕێکخستن و سیاسی و چەکداری بوو، کە وەک سەرکردە و پێشمەرگەیەک ھەمیشە لە بەرەی گەل و نەتەوەکەی بوو، کە بۆ تەنھا ساتێکیش لە خەبات و تێکۆشان دانەبڕاوە و لە بەرامبەر ھەر ئەرکێکیشدا یەکێتییانە، پێشمەرگانە و دڵسۆزانە ڕایدەپەڕاند.
بۆیە لە دەستدانی ھەڤاڵێکی وەھامان جێی نیگەرانیمانە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بە کەسوکاری سەربەرزی، ھاوسەنگەر، ھاوخەبات و خەڵکی تێکۆشەری خانەقین دەگەیەنین و ڕۆحی مامۆستای ئازیز، شۆڕشگێڕ و ماندووی ڕێگای کوردایەتی بۆ ھەمیشە شادبێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی