لە ‌کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە ١ی دیسەمبەری ٢٠٢١ لە ھەولێر بەڕێوەچوو، دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و کونسڵی ڕووسیا ئامادەی بوون، قوباد تاڵەبانی و میخائیل بۆگدانۆڤ، باسیان لە دواپێشھاتە سیاسییەکان و ڕەوشی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرد.


لە بارەی پەیوەندی نێوان ڕووسیا و ھەرێمی کوردستان، میخائیل بۆگدانۆڤ باسی لە پێگەی گرنگی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندیی مێژوویی وڵاتەکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی سەرۆک مام جەلال لە پتەو کردنی ئەو پەیوەندییانە کرد.


قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانی بەڕێزیان و بە دۆستێکی دێرینی گەلی کوردی وەسف کرد، دواتر باسی لە دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کرد و ئاماژەی بەوەدا کە چاوەڕێین لەم نزیکانەدا دەستبکرێت بە گفتوگۆی پێکھێنانی حکومەتی نوێ لە عێراق و جەختیشی کردەوە کە چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکانی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا دەکرێت، ھەروەھا ئاماژەی بە گرنگی یەکدەنگیی لایەنە کوردستانییەکان-دا بە تایبەت لەم کاتە ھەستیارەدا.


لە بارەی ڕەوشی عێراق، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وتی، لە عێراق کێشەی نەبوونی پلانمان ھەیە لە ھەندێک بابەتدا، لەگەڵ نەبوونی جیاوازی لە سیاسەتی لایەنە سیاسییەکان، بۆیە ئەو گفتوگۆیانەی کە پەیوەستن بە پێکھێنانی حکومەتەوە لەسەر سیاسەتی چۆنیەتی بەڕێوەبردن و حوکمڕانی نییە بەڵکو لەسەر وەرگرتنی پۆستەکان دەبێت.


لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە شەڕی دژ بە تێرۆریستانی داعش کرا و لەو بارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو شەڕە ھێشتا ماوە و ئاماژەی بە ھێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە تێیدا بە داخەوە چەند پێشمەرگەیەکمان شەھید و برینداربوون بوون. ھەر لەو کۆبوونەوەیە باس لە ڕەوشی سوریا و کێشەی کۆچبەران کرا.


لە کۆتاییدا، پرسی کارکردن و ھاتنی کۆمپانیا ڕووسییەکان بۆ ھەرێمی کوردستان و وەبەرھێنان لە بوارە جیاجیاکاندا خرایە بەرباس و جێگری سەرۆک وەزیران دڵنیای کردنەوە کە ئاسانکاری دەکەن بۆ ئەوەی سود لە تواناکانی ئەوان ببینن.