"بافڵ جەلال تاڵەبانی"لە دەباشان لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی رەوشی ئەمنی ناوچە کێشەلەسەرەکان و ئەو سنوورانەی بۆشایی ئەمنییان ھەیە، چەند بڕیارێکیش دران لەپێناو ئاسایش و ئارامی زیاتر و پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتیان و رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش.

لەکۆبوونەوەکەدا بە وردی ھەڵسەنگاندن بۆ رەوشی ئەمنی ئەو سنوورانە کرا کە بۆشایی ئەمنی تێدایە، دوای گفتوگۆکردن و راگۆڕینەوە لەسەر میکانیزمەکانی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و پاراستنی ھەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێک دران لەپێناو ئاسایشی زیاتری ھەرێمی کوردستان.

"بافڵ جەلال تاڵەبانی"روونیکردەوە چەندین جار ھۆشدارییان داوە بە حکومەتی عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە مەترسی جموجۆڵەکانی پاشماوەکانی داعش و سوود وەرگرتنیان لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە، جەختی لەوەشکردەوە لەمەودوا وەک ھێزی پێشمەرگە پلان و ستراتیژی خۆیان دەبێت بۆ پاراستنی زیاتری ھەرێمی کوردستان و سەلامەتی گیانی ھێزی پێشمەرگە چونکە چۆن خەممان ئارامی و ئاسایشە پێویستە گیانی ھێزەکانی پێشمەرگە و کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان لە ئاسایش و دژەتیرۆر و ھێزەکانی ناوخۆش بپارێزین، ئەوەش بە دابینکردنی پێداویستییەکانیان دەبێت.

ھاوکات فەرماندە و تەواوی ھێزە ئەمنییەکانیشی راسپارد کار بەو بڕیارانە بکرێت و چاو کراوەتر بن لە بەرامبەر مەترسییەکانی تیرۆریستان سڵ نەکەوە، بە توانا سەربازی و ئەمنییەکانیان ئارامی و ژیانی خەڵک بپارێزن.