بافڵ جەلال تاڵەبانی وێڕای ئەوەی ھیوای سەرکەوتن و دەستپێکێکی باشی بۆ باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق خواست، پشتیوانی و ھەماھەنگی یەکێتی دووپاتکردەوە بۆ سەرخستنی ئەرکەکانی و پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوانیان.


ھەر لە دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی روونیکردەوە ،  ئەم ھەلومەرجە سیاسییەی بە عێراقدا تێدەپەڕێت جێی نیگەرانییانە و ناکۆکییەکان دۆخی وڵات بەرەو ناسەقامگیری زیاتر دەبات، بەڵام ئێستاش دەرفەتی باشیان لەپێشە تا جیاوازییەکانیان بخەنە خزمەت بەرژەوەندی گشتی و پێکەوە زەمینەی گفتوگۆ و دیالۆگی بونیادنەرانە بڕەخسێنین و رێکبکەون لەسەر میکانیزمەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێ.


بافڵ جەلال تاڵەبانی سەبارەت بە مەترسییە ئەمنییەکان و جموجۆڵی پاشماوەکانی داعش و بۆشایی ئەمنی لە ھەندێ ناوچەی کێشەلەسەر و عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ، بەردەوامی ململانێ سیاسییەکان دۆخی ئەمنی بەرەو خراپتر دەبات، بۆ زاڵبوون بەسەر تەحەدییەکاندا پێویستە سەنتەرەکانی ھەماھەنگی نێوان ھێزی پێشمەرگە، سوپای عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمان کاراتر بکرێن، پلان و ستراتیژی ھاوبەش ھەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و رێگریکردن لەجموجۆڵەکانیان.