رێکخراوی تەندروستی جیھانی: ھەڵسەنگاندنەکانمان سەبارەت بە ئۆمیکرۆن مەترسیدارە
کوردسات نیوز
٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١
رێکخراوی تەندروستی جیھانی بڵاویکردەوە، ئەگەری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای ئۆمیکرۆن لە جیھاندا بەرزە و ھەڵسەنگاندنەکانیان سەبارەت بەو جۆرە نوێیە مەترسیدارە، داواشی لە ١٩٤ وڵاتە ئەندامەکەی ناو رێکخراوەکە کرد پێدانی ڤاکسین بەو کەسانەی مەترسییان لەسەرە خێراتر بکەن و پێداچوونەوە بە گەشتە نێودەوڵەتییەکانیشدا بکەن.
تەندروستی جیھانی ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا گیانلەدەستدان بە ئۆمیکرۆن تۆمار نەکراوە و پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە سەبارەت بە ئەگەری زاڵ بوونی ئەو ڤایرۆسە بەسەر ڤاکسین و ئەو بەرگرییەی دروستبووە، پێشبینی توشبوونی ئەو کەسانەش دەکات کە ڤاکسینیان وەرگرتووە.
لێپرسراوانیش لە رێکخراوەکە رایانگەیاندووە، وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی تەندروستی جیھانی لە ئەمڕۆوە کۆدەبنەوە سەبارەت بە ئۆمیکرۆن و چۆنێتی سنوردارکردنی بڵاوبوونەوەی پەتاکان لە جیھاندا، کۆبوونەوەکەش لە "ژنێڤ" بەڕێوەدەچێت و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.