نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە فەرەنسا: ئەو کەسانەی خنکان بە تەنھا کورد نەبوون
کوردسات نیوز
٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١
عەلی دۆلەمەڕی نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە فەڕەنسا رایگەیاند، ئەو کەسانەی لەناو بەلەمەکەدا خنکان بە تەنھا کورد نەبوون، بەڵکو نەتەوەکانی تریشی تێدابوو وەک سودانی و لیبی و ئەفغانی.
راشیگەیاند، وەک نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم پەیوەندییان بە حکومەتی فەڕەنساوە کردوە لەسەر ناسنامەی ئەو کۆچبەرانەی لەو بەلەمەدا خنکان، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کۆچبەرەکان ھیچ بەڵگەنامەیەکیان نییە، ئەوەش پێویستی بەکات ھەیە بۆئەوەی پزیشکی دادوەری و پۆلیس زانیارییان بدەنێ.
داواش لە ھاوڵاتیانی ھەرێم دەکات ئەگەر گومانیان ھەیە کەسوکاریان لەو بەلەمەدا بووە، پەیوەندییان پێوە بکەن و وێنەکانیان بۆ بنێرن تا بیدەن بە حکومەتی فەڕەنسا بۆئەوەی ناسنامەی خنکاوەکان ئاشکرا بکەن.
روونیشیکردەوە، وەک حکومەتی ھەرێم دەستوەرنادەنە کاروباری ئەو کەسانەی کە بە نایاسایی دەچنە وڵاتانی تر، بەڵام ئەگەر بچنەلایان بۆ ھاوکاری، لە کارە یاساییەکاندا ھاوکارییان دەکەن.