"د. ڕەھێڵ فەرەیدون" بریکاری وەزارەتی تەندروستی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی توشبوون بە کۆرۆنای گۆڕاو کە ناسراوە بە ئۆمیکرۆن، لە ھەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە و ھەرکاتێک رێکخراوی تەندروستی جیھانی ھۆشداریدا لەبارەی ھاتووچۆکردن بۆ ئەو وڵاتانەی کە ڤایرۆسەکەیان تێدا بڵاوبوەتەوە، ئەوا رێکاری پێویست دەگرنەبەر، ھەروەھا بڕیاری قەدەغەی گەشتکردن و کەرەنتینەکردنی ئەو کەسانە دەدرێت کە لەو وڵاتانەوە دەگەڕێنەوە.

بریکاری وەزارەتی تەندروستی وتیشی، رێکارەکانی خۆپارێزی لەم جۆرەی کۆرۆنا ھەمان رێکاری جۆرەکانی تری ڤایرۆسەکەیە و داوای لە ھاوڵاتیانیش کرد لە ئێستاوە رێکارەکان جێبەجێ بکەن و خۆیان بپارێزن. ھاوکات "ڕیاز عەبدولئەمیر" بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕاگەیاند، ھیچ حاڵەتێکی توشبوون بە کۆرۆنای ئۆمیکرۆن تۆمار نەکراوە و دەشڵێت، پێشنیاریان کردووە گەشتکردن بۆ باشوری ئەفریقا و ئەو چەند وڵاتەی ئەوروپا قەدەغە بکرێت کە کۆرۆنای ئۆمیکرۆنیان تێدا بڵاوبووەتەوە.