لیژنەی كاروباری پێشمەرگە : پێویستە بۆشایی ئەمنی لە سەرجەم هێڵەكانی روبەڕوبوونەوە پڕ بكرێنەوە
٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١
شەوی رابردوو جارێکی تر چەکدارانی داعش لە ناوچەی تەپی تەڵان لە سنووری کوڵەجۆ ھێرشیانکردە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە، لەکاتی بەھاناوەچوونی پێشمەرگەکان، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەھۆیەوە پێنج پێشمەرگە بەناوی(ئیبراھیم بارام - ئیسماعیل محەممەد -ئاراس سەمین -ئەمین حوسێن-نەبەرد سەعید) شەھیدبوون و چواری دیکەش برینداربوون.
لێرەدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان دەکەین و ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. ئەم ھێرشانە کاری بەردەوامی تیرۆریستەکانە بۆ بە ئامانج گرتنی خەڵک و خاکەکەمان، بۆیە بەردەوام ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو مەترسییەک ئازایانە رووبەڕووی تیرۆریستەکان بوونەتەوە. داواکارین لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان پەلە بکەن لە رێکخستنەوەی لیوا ھاوبەشەکان و زیاتر گرنگی بدرێت بە ھەماھەنگی لیژنەی ئەمنی ھاوبەش لەنێوان سۆپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە، بۆئەوەی بۆشایی ئەمنی لەسەرجەم ھێلەکانی رووبەڕووبوونەوە پڕ بکەنەوە، تاکو تیرۆریستانی داعش زەفەر نەھێنن و ئەم رووداوە نەخوازراوانە دووبارە نەبنەوە.
لێرەدا وەکوو لیژنەی کاروباری پێشمەرگە جارێکیتر ئیدانەی ھێرشەکە دەکەین و پرسە و سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە و کەس و کاری سەربەرزی شەھیدەکان دەکەین.