وەزیری نەوتی عیراق دەڵێت، لە هەوڵدان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، وەزیری وزەی توركیاش دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد دەگەڕێنتەوە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عیراق لە پەراوێزی كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ محەمەد بەشیر وەزیری وزەی سوریا لە بەغداد ئاماژەی بەوەدا، عیراق دەستكەوتی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە بواری وەبەرهێنانی غاز و پاڵاوتنی نەوت و لەئێستادا كاردەكات بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی توانای هەناردەكردن لە دەروازەكانی باشووری وڵات و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، "عیراق تاوتوێ و وردبینی بۆ پێشنیازەكانی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆری بانیاسی سوریا و بۆری تەرابلوسی لوبنان دەكات".
هاوكات، ئاڵپئاسڵان بایراكتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا رایگەیاند، ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، بەڵام دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد دەگەڕێتەوە.