لە دیدارەکەدا قۆناغی دوای ھەڵبژاردن لە عێراق، بەشداری کورد لە حکومەتی داھاتوو، بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی سیاسی و ئابووری و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لە نێوان ھەردوولا گفتوگۆی لە بارەوە کرا، بۆچوون و ھەڵوێستی یەکێتی لەو ڕووانەوە ئاماژەی پێکرا.


ھەر لە دیدارەکەدا تەئکید لە ھەماھەنگی و پێشخستنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان لە نێوان ھەرێم و کەنەدا کرایەوە بە شێوەیەک خزمەت بە پڕۆسەی گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری ھەرێم بکات، ھانی کۆمپانیا و خاوەنکاران بدرێت سەرمایەکانیان لە ھەرێم بخەنە گەڕ و ھاوکار بن بۆ بوژاندنەوەی زیاتری بازاڕ و ڕەخساندنی ھەلی کار.


بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بارەی پڕۆسەی سیاسی لە بەغدا و گۆڕانکارییەکان ڕوونکردنەوەی دایە وەفدی میوان، پێی ڕاگەیاندن بۆ ئەمڕۆ پێکھێنانی حکومەتی خزمەتگوزار، کارا و چالاک پێویستی قۆناغەکەیە و وەڵام دەرەوەی خواستی شەقام و داواکاری ھەموو لایەک دەبێت کە ئێمە پشتگیری لەم ھەوڵانە دەکەین لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵک. سەبارەت بە کوردیش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد یەکڕیزیمان و تەبایمان لە ناوەند زامنی پاراستنی مافەکانمان دەبێت و لە ھەوڵی دروستکردنی بەرەیەکی نیشتمانین تا بەیەک نامەی سیاسی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بچینە گفتوگۆوە.


بافڵ جەلال تاڵەبانی دەربارەی ھەرێمی کوردستان ڕوونیکردەوە پێشوازی لە ھەر ھەوڵ و ھەنگاوێک دەکەین کە بنرێت بۆ باشترکردنی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک، ئەولەویەتی کاری یەکێتی بۆ سەرخستنی ھەنگاوەکانی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەییە لە بەڕێوەبردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە خەڵکی خۆمان و چاکسازییەکانی ناو ڕێکخراوەیی و حکومەتیش ھەر لەو پێناوەدایە.