حکومەتی ھەرێم پابەندە بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان
کوردسات نیوز
٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە پەیامێکدا بە بۆنەی رۆژی جیھانی بەرەنگاربونەوەی نەھێشتنی توندوتیژی دژی ژنان رایگەیاند، حکومەتی ھەرێم پابەندە بە درێژەدان بە پشتیوانیکردنی مافەکانی ژنان و نەھێشتنی ھەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزی و نەھێشتنی توندوتیژی بە گشتی و توندوتیژی دژی ژنان بەتایبەت.
وتیشی، حکومەت کار دەکات لەپێناو ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار ژنان تێیدا پارێزراو بن و گەشە بکەن، بەشێوەیەک بتوانن بە لێھاتوویی خۆیانەوە، وەک بکەرێکی سەرەکی لە کۆی کایەکانی کۆمەڵگای کوردستانیشدا بەشداربن.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، حکوومەتی ھەرێم، پابەندە بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و بەھێزکردنی پێگەیان لەناو حکومەت و کۆمەڵگە و پەرەپێدانی کولتووری ڕێزگرتن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەھێشتنی توندوتیژی و ھەموو جیاکارییەک لەسەر بنەمای ڕەگەز.