مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی: پشتگیری داوا رەواکانی خوێندکاران دەکەین
کوردسات نیوز
٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١
مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی لە روونکردنەوەکەیدا داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکات وێڕای پاراستنی گیانی ھەموو لایەک، چاوکراوە بن لە بە لارێدابردنی خۆپیشاندانی خوێندکاران و ئاماژە بەوەش کراوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایی بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانییەوە وەک مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی پشتگیریی تەواوی ماف و داوا رەواکانی خوێندکارانیان کردووە و ئیدارەی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆشیان ئاگادار کردووە وەکو ساڵانی پێشوو ھاوکاریان دەبن لە دابینکردنی پێداویستی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆکان، بە تایبەت زانکۆی سلێمانی .
لە کۆتایی روونکردنەوەکەدا مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی دەڵێت، بە پێویستی دەزانن بەبیری ھەموو لایەکی بھێنینەوە کە خوێندکاران و ھێزە ئەمنییەکان بە رۆڵە و کچ و کوڕی خۆیان دەزانن و ئازاردانی ھەر لایەک لە لایەکەیترەوە بە ئازاردانی ھەموو خەڵکی شار دادەنێن.
جەختیش دەکەنەوە کە رووکردنە بینای مەڵبەند و دامودەزگا حزبی و خزمەتگوزارییەکان و ھەوڵی زیان پێگەیاندنیان نە ئێستا و نە لەرابوردوشدا ھیچ دەسکەوتێکی پیشەیی بۆ کەس نەبووە و بە دڵنیایشەوە بۆ خوێندکارانیشی نابێت، بەلّکو تەنھا ئارامی شار دەشێوێنێت و ناوبانگی توێژی رۆشنبیریی خوێندکاران لەکەداردەكات .