قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم پێشوازی لە پیتەر ستێپانیک، باڵیۆزی نوێی کۆماری چیک لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی چیک کرد و ئامادەیی حکومەتی ھەرێمی بۆ ھەموو جۆرە ھاوکارییەک لەگەڵ باڵیۆزخانەی کۆماری چیک دەربڕی و ھەردوولاش جەختیان لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و چیک کردەوە.
جێگری سەرۆکی حکومەت داوایکرد پەرە بە کارەکانی کۆنسوڵخانەی کۆماری چیک لە ھەرێم بدرێت و سوپاسی ھاوکارییەکانی کۆماری چیکیشی کرد بۆ ھەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکان و بە تایبەت لە بواری تەندروستیدا. 
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی رەوشی سیاسیی عێراق لە دوای ھەڵبژاردنکرا و ھەردوولا ھاوڕابوون کە پێویستە لە ماوەیەکی نزیکدا حکومەتی نوێی عێراق پێکبھێنرێت کە رەنگدانەوەی داخوازییەکانی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق بێت.