لە کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی و ئان لیندە پێکەوە باسیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سوید و ھەرێمی کوردستان و دواپێشھاتە سیاسییەکان و دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی عێراق کرد.


لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و سوید، قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە پەیوەندییەکی باش ھەیە و ئاماژەی بەوەدا کە لە چاکسازییەکانی حکومەتی ھەرێم لە بوارە جیاجیاکاندا سودیان لە ھاوکارییەکانی سوید بینیووە و ستایشی ئەو ھەماھەنگییەی کرد و وتی: "حکومەتی ھەرێمی کوردستان جددییە لە ئەنجامدانی چاکسازی و لەو ڕووەوە ھەتا ئێستا ھەنگاوی باشی بڕیوە".


سەبارەت بە ڕەوشی عێراقیش، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەر بنەمای دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکان پەلە بکرێت لە دەستپێکردنی گفتوگۆکانی ڕێککەوتن لەسەر پێکھێنانی حکومەتی داھاتووی عێراق.


لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی سوید لە ڕەوشی پرسی جێندەری پرسییەوە لە ھەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە کە بە ھەموو توانایەوە کار دەکات بۆ بەدیھێنانی باڵانسی جێندەری لە ھەرێمی کوردستان.