سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی : پشتگیری داواكاری خوێندكاران دەكەین
کوردسات نیوز
٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١
سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە ماوەی دوو رۆژە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی ھاوکات لەگەڵ خوێندکارانی بەشێک لە زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان، دەستیان بەخۆپیشاندان کردووە بۆ داواکردنی دەرماڵەی مانگانەی خوێندکارانی زانکۆ، کەلەساڵی (٢٠١٤)ەوە بەھۆی قەیرانی داراییەوە، بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی وەستێنراوە .
راشیگەیاندوە، وەک سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی ئەم داواکارییەی خوێندکاران بەڕەوا دەبینین و پشتگیری تەواوی دابینکردنی دەرماڵەی مانگانەی خوێندکارانی زانکۆ دەکەن، وە ئاگادارین کە چینی خوێندکارانی زانکۆ لەم قۆناغەدا بە چ بارودۆخێکی دارایی ناھەمواردا تێدەپەڕن.
سەرۆکایەتی زانکۆ لە راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە، لەئەنجامی خۆپیشاندانەکانی دوێنێ و ئەمڕۆدا، بەداخەوەچەند بەریەککەوتنێکی نەخوازراو لەنێوان خوێندکارانی زانکۆ و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکاندا ڕویداوە، وەک سەرۆکایەتی زانکۆ و ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی جەختدەکەنەوە لەسەر پاراستنی حەرەمی زانکۆ و ئیدانەی ھەر پێشێلکارییەک و توندوتیژییەک دەکەنەوە کەلەدەرەوەی یاسا و رێنماییەکان ئەنجامدرابێت، ھەربۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی بەدواداچون لەسەر ئاستی زانکۆ دروست دەکەین بۆ دەرخستنی راستییەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی.