وەفدێکی رۆژئاڤای کوردستان لە روسیایە
٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١
سەرچاوەیەک لە خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا بە رۆژنامەی عەرەبیە جەدیدی راگەیاندوە، لە رۆژی یەک شەممەوە وەفدێکی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا، بە سەرۆکایەتی ئیلھام ئەحمەد سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات "مەسەدە"، لە مۆسکۆی پایتەختی روسیایە.
بە پێی زانیارییەکان وەفدەکە چاوی بە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا دەکەوێت و دواین پێشھاتەکانی رەوشی رۆژئاڤای کوردستان و ھەڕەشەکانی تورکیا و پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی سوریا تاوتوێ دەکەن.
مانگی رابردووش ئیلھام ئەحمەد بە سەرۆکایەتی وەفدێک سەردانی واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکای کرد و چاوی بە بەپرسانی ئەو وڵاتە کەوت و رایگەیاند، ئەمریکا بەڵێنی مانەوەی ھێزەکانی لە سوریا و بەردەوامبوونی ھاوکارییەکانی بۆ ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە"، دووپاتکردووەتەوە.