ئاشنا عەبدوڵڵا ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٥ دەرماڵەی خوێندکاران بەھۆکاری قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و نەھاتنی پشکی ھەرێم لە بەغداداوە راگیراوەو لە ئێستاشدا ئەو کێشانەی پێشتر باس دەکرا نەماوە و بۆ ئەوەش پێویستە بەجدی کار بکرێت بۆ گێرانەوەی ئەو دەرماڵەیە.


وتیشی، "وەکو پەرلەمانتاران نوسراوی خۆمان لەوبارەیەوە ئاڕاستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە و ھیوادارین ئەو پرسە لەگەڵ تیمی حکومەت گفتوگۆی لەسەر بکەن و یەکلایی بکەنەوە".


جەختی لەوەشکردەوە، بەپێی ئەو رێککەوتنەی کراوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ ناردنی پشکی ھەرێم لە بەشێکدا ئاماژە بە پێدانی دەرماڵەی خوێندکاران کراوە ئەمەش جگە لەوەی بەپێی یاسا باس لە پێدانی دەرماڵەی خوێندکاران کراوە بەوەش ئەگەر دەرماڵەی خوێندکاران نەگەڕێتەوە پێچەوانەی یاساکان حکومەت کاریکردووە.