دەقی پەیامەکە...
١٩٧٦/١١/٢١، ڕۆژی لە سێدارەدانی شەھیدان شیھاب و جەعفەر و ئەنوەرە، ھاوکات ڕەمزی گیانفیدایی شەھیدانی یەکێتییە، بەبەختکردنی گیانیان، ڕۆحی بەرگری و مەدالیای کوردایەتی یان بە نیشتیمانەکەیان بەخشی.


شەھیدانی یەکێتی بۆ ئازادی و ڕزگاری و سەرفرازی و فەراھەمکردنی خۆشگوزەرانی، ئاسودەی بۆ دنیایەکی نوێی پڕ لە ئومید و دیموکراسی ڕووە و شارستانییەت و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئازادیی بیرووڕا ڕۆحیان کردە قوربانی، بەڵام بە داخەوە ھێشتا زۆرێک لە ئامانجەکانیان بەدی نەھاتووە.


 سەرەڕای ناڕەزایی و ڕەخنەیەکی زۆر لەناو خەڵکدا، لە بەرامبەر دەسەڵات و یەکێتیش، بەڵام شەھیدان، لەناخی خەڵکدا ڕێزی تایبەتی خۆیان ھەیە لە مێژووی گەلەکەمان، چونکە ئامانجەکانیان ڕەوا بووە و ھێشتا شایەنی درێژەپێدانن و دەبێت ھەوڵ بۆ بەدیھێنانی بدرێت.


ھەر بۆیە دەبێت ھەمیشە ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرین، ھەوڵبدەین باری داراییان لە ئێستایان زۆر باشتر بکرێت و ڕێکخراوتر بن، ھەروەھا بایەخی تەواو بەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بدرێت، بایەخ بە گەنجان و لاوانمان بدرێت وەک سامانێکی نەتەوەی سەیربکرێن. 


شەھیدان سەرقافڵەی ئازادی و خەباتی نەپساوەی میللەتەکەمانن، دەبێت  لە ئاستی خەبات و قوربانی دانی  شەھیدانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا سەری ڕێز و وەفا دابنەوێنین ، دەشبێت ھەموومان لەبەرامبەر ڕۆحیاندا بەوەفابین، بەوەفابوونیش تەنھا بەوە دەبێت کە لە پێناو ئامانجەکانیاندا تێبکۆشین، ئەو ئامانجانەی کە بە داخەوە ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر بە لاڕێدا دەبرێت ، ئەوەش زیانێکی گەورە لە پرسی نەتەوەکەمان دەدات.


بەرز وپیرۆزبێت یادی شەھیدانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و ھەر بەم بۆنەیەوە سەری ڕێز بۆ سەرجەم شەھیدانی نەتەوەکەمان دادەنەوێنین.


حاکم قادر حەمەجان 
ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی (ی.ن.ک)