دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاند کە "ئەگەرێکی زۆر باش" هەیە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا و ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، ئەمەش دوای کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ پوتین لە ئەلاسکا.
ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین هات کە ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ ڤلادیمێر زیلێنسکی و سەرکردەکانی ئەوروپا، ئەنجامی دا. ئامانج لەم کۆبوونەوە ئۆنلاینە، گەیاندنی هەڵوێستی یەکگرتووی ئەوروپا و ئۆکراینیا بوو بە ترەمپ بەر لە کۆبوونەوەی رۆژی هەینی لەگەڵ پوتن.
هەڕەشە و بەڵێنییەکانی ترەمپ
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سەنتەری کەنەدی لە واشنتۆن، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پوتین "بەباشی بەڕێوەبچێت،" ئەوا "کۆبوونەوەیەکی دووەمی خێرا" لەنێوان پوتین و زێلێنسکیدا رێکدەخرێت و ئەگەری هەیە خۆیشی بەشداری تێدا بکات.
هاوکات، ترەمپ هۆشدارییەکی توندیشی ئاراستەی مۆسکۆ کرد و رایگەیاند ئەگەر پوتن رازی نەبێت بە راگرتنی شەڕ لە ئۆکراین، رووبەڕووی "ئەنجامی زۆر سەخت" دەبێتەوە. کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا ئەو ئەنجامانە سزای ئابووری یان گومرگی دەبن، ترەمپ وتی: "پێویست ناکات بیڵێم. ئەنجامی زۆر توند دەبێت."
نیگەرانییە ئەوروپی و ئۆکرانییەکان
سەرکردە ئەوروپییەکان و زێلێنسکی نیگەرانیی خۆیان نیشانداوە لە ئەگەری هەر رێککەوتنێک لەسەر ئۆکراین بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری کیێڤ.
زێلێنسکی جەختی کردەوە کە "گفتوگۆکردن لەسەرمان، بەبێ بەشداریمان، سەرکەوتوو نابێت."هەروەها رەتیکردەوە کە ئۆکراین دەستبەرداری هیچ خاکێکی خۆی ببێت لە بەرامبەر ئاگربەستدا، کە بەپێی زانیارییەکان یەکێک بووە لە پێشنیازەکانی روسیا.
فریدریش مێرزی راوێژکاری ئەڵمانیا، دوای پەیوەندییە ئۆنلاینەکە رایگەیاند کە ترەمپ "بەشێوەیەکی گشتی هاوڕایە" لەگەڵ هەڵوێستەکانی ئەوروپا سەبارەت بە مەرجەکانی رێککەوتنی ئاشتی. سەرکردە ئەوروپییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەبێت ئاگربەست پێش هەر گفتوگۆیەک بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەبێت ئۆکراین لە سەر مێزی دانوستانەکاندا ئامادەبێت.
لووتکەی نێوان ترەمپ و پوتین بڕیارە رۆژی هەینی لە بنکەی سەربازیی ئێلمێندۆرف-ریچاردسۆن لە ئەنکۆرەیج، ئەلاسکا، بەڕێوەبچێت. ئەمە یەکەم دیداری رووبەڕووی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و رووسیایە لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینیاوە. چاوەڕوان دەکرێت ئەم کۆبوونەوەیە هەنگاوێکی سەرەتایی بێت بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی روسیا و کردنەوەی دەرگا بۆ دانوستانە فراوانترەکان.