مەکتەبی سیاسی: رۆژی شەھیدی یەکێتی رۆژی سوپاسگوزارییە بۆ کەسوکاری شەھیدان
کوردسات نیوز
٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١
مەکتەبی سیاسی راگەیەنراوێکی بەبۆنەی رۆژی شەھیدی یەکێتی کە ٢١ی تشرینی دووەمی ھەموو ساڵێکە بڵاوکردەوەو رایگەیاند، رۆژی شەھیدی یەکێتی رۆژی سوپاسگوزارییە بۆ خۆڕاگری کەسوکاری شەھیدان، لەدایک و باوک، کچ و کوڕ، خوشک و برا و نەوەکانیان کە ئەرکی یەکێتی و حکومەتی ھەرێمە وەک بەرھەمی خوێنی شەھیدان، خزمەتی زیاتر و زیاتریان بکات. ئەمرۆش بە خۆشحاڵییەوە چەندین نەوە لەکەسوکاری شەھیدان پێگەیشتوون و لە دامەزراوەکانی حزب و حکومەتدا کاران و دەتوانن ھەم پەرژینی پاراستنی حزبی شەھیدان و بەرھەمی خەباتەکەیان بن و ھەمیش دەتوانن لۆبی پارێزگاری لە ماف و لە ناو و ناوبانگی مەعنەوی و ماددی شەھیدانی سەربەرز بن .
دەقی راگەیەندراوەکە...
پەیامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی رۆژی شەھیدی یەکێتییەوە
کاروانی دوورودرێژی خەباتی گەلەکەمان پڕە لە قوربانی و گیانفیدایی، لەناو ئەو کاروانە دوور و درێژەدا وێستگەی دەیان ساڵەی خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشکی شێری بەردەکەوێت و لەنێو یەکێتیشدا شەھیدان دوندی قەندیلی خەبات و سەفینی لە بن نەھاتووی گیانبازی و قوربانیدانن، ٢١/١١ رۆژی شەھیدی یەکێتی و بۆنەی وەفاداری و بەرزراگرتنی یاد و یادەوەرییانە.
ئەمڕۆژە رۆژێکی رەمزی و ناونیشانی سەرمەشقی شەھادەتە کە رۆژی داستانی سێ کوچکەی (کەم بژی و کەڵ بژی)، رۆژی لە سێدارەدانی شەھیدان خاڵە شیھاب و ئەنوەر و جەعفەرە، رۆژێکی شایانە و رۆژ نییە لە تەقویمی رۆژەکانی کوردستاندا کە یەکێتی شەھیدی نەدابێ و بستێ زەوی نەماوە لەم نیشتمانە کە بە خوێنی ئاڵی شەھیدێکی یەکێتی ئاو نەدرابێ.
ھەموو رۆژێک و ھەموو شوێنێک رۆژ و شوێنی شەھادەتە بۆ حزبی شەھیدان.
تۆماری کاروانی چل و شەش ساڵەی یەکێتی و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان تۆمارێکی گشتگیری کوردستانی ئەوتۆیە کە نەخشەی ھەموو نیشتمانی گرتۆتەوە، لەگەرمیان تا کوێستان، لە بادینان تا سۆران و بگرە کوردستانی سەرتاسەریش. شەھیدی یەکێتی لە ھەموو شوێنێکی وڵاتەکەمان یادگاری خوێن و خەبات و رەنجی بە خەسارنەچووی تێکۆشانی یەکێتییەکەمانە بۆ رزگاری و دیموکراسی و مافی چارەنووس.
ئەو قارەمانانە بە شەھیدی ناودار و گومناوەوە، بە شەھیدی مەزاری پڕشکۆ و شەھیدی گۆڕ غەریبەوە شایەتی تێکۆشانی ھەمەلایەنن لە ھەموو بۆنە و دەرفەتەکانی خەباتدا، لە مەفرەزە سەرەتاییەکانی سەرەتای شۆڕشەوە بۆ دوا گیانبازی دژی تیرۆریستان لە عیراقی فیدراڵدا:
شەھیدی سەنگەری داکۆکی لە ئاواییە ئازادکراوەکانی شۆڕش، شەھیدی ھێرشی نەبەردی و داستانی پێشمەرگانە، شەھیدی مقاوەمەتی زیندان و بەر پەتی سێدارە، شەھیدی رێکخستنی نھێنی و چالاکی ناو شەقام و کۆڵانەکانی شارەکان. شەھیدی خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران و لاوان دژی سەرکوت و حوکمی فاشستەکان، شەھیدی راماڵینی سوپای بەعس لە راپەڕین و رزگاری یەکجاری کوردستان و عیراق لە پڕۆسەی ئازادی عیراقدا، شەھیدی دەستی تیرۆر و نەبەردییەکانی پاراستنی کوردستان و عیراق لە تیرۆری قاعیدە و داعش و مانەندەکانیان.
لەم دەفتەری شانازییەی کوردایەتییدا ھەموو چین و توێژەکانی کوردەواری پشکیان ھەبوو: شەھیدانی سەرکردە و فەرماندە، شەھیدانی ژنان و کچانی رێکخستن، خەباتی پیشەیی رەنجدەران و کرێکاران و خوێندکاران و لاوان، شەھیدانی بە کۆمەڵی قەسابخانەکانی بەعس لە موسڵ و کەرکوک و بەغدا، قوربانیان و شەھیدانی بێ تاوانی ئەنفال و کیمیاباران و تەعریب و تەرحیل و تەسفیر چیرۆکێکی سەربەرزانەی موقاوەمەت و مانەوەی گەلەکەمان دەگێرنەوە.
رۆژی شەھیدی یەکێتی رۆژی سوپاسگوزارییە بۆ خۆڕاگری کەسوکاری شەھیدان، لەدایک و باوک، کچ و کوڕ، خوشک و برا و نەوەکانیان کە ئەرکی یەکێتی و حکومەتی ھەرێمە وەک بەرھەمی خوێنی شەھیدان، خزمەتی زیاتر و زیاتریان بکات. ئەمڕۆش بە خۆشحاڵییەوە چەندین نەوە لەکەسوکاری شەھیدان پێگەیشتوون و لە دامەزراوەکانی حزب و حکومەتدا کاران و دەتوانن ھەم پەرژینی پاراستنی حزبی شەھیدان و بەرھەمی خەباتەکەیان بن و ھەمیش دەتوانن لۆبی پارێزگاری لە ماف و لەناو و ناوبانگی مەعنەوی و ماددی شەھیدانی سەربەرز بن.
رۆژی شەھیدی یەکێتی دەرفەتێکی گەورەی جۆشدانەوەی خەباتی رەوای یەکێتی و گەلەکەمانە لەپێناوی مافەکانی، لەڕێی رزگاری و دادپەروەری و دیموکراسیدا. رۆژی مشتوماڵکردن و پوختکردنەوەی خەباتی یەکێتییانەیە بۆ ئەوەی باقی ئەو مافانە بەدیبھێنن کە شەھیدانمان خوێنیان لەپێناویا بەخشی و ژیانی خۆیانیان پێ ھەرزان بوو لە ئاستی ویستی گەورەی بەدەستھێنانیدا.
جێی خۆشێتی لەم رۆژەدا وێڕای دانەواندنی سەری رێز و نەوازش لە ئاستی مەزنایەتی شەھیدەکانی حزبی شەھیدان بە رابەرایەتی سەرۆک مام جەلال، سەری یەکێتییەکەمان بە بەرزی و بڵندی ئەم مێژووە رابگرین و ئەرکەکانی سەرشانمان لە ئاشتی، ئازادی، دیموکراتی و مافی چارەنووس قۆناغبەندی بکەین و خۆمانی بۆ جۆشبدەینەوە.
نەمری بۆ شەھیدان لە رۆژی شەھیداندا
بەرز و بەڕێز بێت یاد و یادەوەرییان لە دڵ و دەروونی گەلەکەماندا
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان