بورھان سەعید سۆفی لێپرسراوی مەکتەبی شەھیدان و تێکۆشەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، یەکێتی لە مێژووی پڕ لە داھێنان و سەروەری خۆیدا، خاوەنی گەلێک شانازی و سەروەرییە، یەکێکیش لەو شانازییانە ھەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانە، یەکێتی لە ٤٦ ساڵی ڕابردوودا ڕووبارێک خوێنی بەخشیووەتە ئازادی کوردستان و بە دەیان سەرکردە و بە ھەزاران فەرماندە و کادیر و پێشمەرگە و ڕێکخستنی کردووەتە قوربانی، بەو ھۆیەشەوە لە نێو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا بە حزبی شەھیدان ناسراوە.


ڕاشیگەیاندووە، لە یادی ئەو ڕۆژە پڕ لە شکۆیە، زۆر گرنگە ئاوڕێکی جدی لە مێژوو و سەروەری و ئامانجە باڵاکانی یەکێتی و گەلەکەمان بدەینەوە و خۆمان بخەینە بەر بەرپرسیاریەتی مێژوویی، بەڵێن بە مام و ھەموو شەھیدەکان بدەین، درێژە پێدەری ڕێبازی شەھیدان بین، ھاوکات خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەرکی ھەرە گرنگ و لە پێشینەی یەکێتی بێت، ھەموو پێکەوە کار بۆ بەھێزکردنی یەکێتی بکەن و یەکێتی بکەنەوە بە یەکێتییەکەی مام و شەھیدە سەروەرەکان.


ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لە ئێستادا ھەرێم و عێراق و ناوچەکە بە قۆناغێکی ھەستیار و ئاڵۆزدا گوزەر دەکات و پێویستە یەکێتی بۆ ھەموو ئەگەر و پێشھاتەکان خۆی ئامادە بکات و ھەموو ھەوڵ و ھەنگاو و بەرنامەکانی بە چەشنێک ڕێکبخاتەوە لە ئاستی قۆناغەکەدا بێت.