مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە بۆنەی یادی 38 ساڵەی کیمیاباران و جێنۆسیادی هەڵبجەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ ئەو یادە بیرەوەری تاڵی تاوانێکی بێ وێنەیە لەسەر دەستی رژێمی بەعس بەرانبەر ئەم شارە و خەڵکەکەی كرا.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردوە، تا سەندنەوەی هەقی یەکجارەکی هەڵەبجەش ئەم زامە ساڕێژنەبووە و هەروا قوڵپ دەدات و ئەمساڵ كەئەم یادە دەكەینەوە، هەڵەبجە بە هەوڵی بێوچانی دڵسۆزان، بەرەسمی چوارەمین پارێزگای هەرێم و نۆزدەیەمین پارێزگای عیراقی فیدراڵە.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی داواش دەکات هەموومان لە پێناوی هەڵەبجەیەکی ئاوەدان و بوژاوە و سەربەرز گشت تواناکانمان بخەینەگەڕ تاوەكو ماف و شایستە داراییەكانی وەك پارێزگا لە بوجەی گشتیی عێراقدا بچەسپێنرێت.
دەقی پەیامەکە
پەیامی مەکتەبی سیاسیی بۆ ساڵیادی كیمیاباران و جینۆسایدی هەڵەبجە
یادی ٣٨ ساڵەی كیمیاباران و جینۆسایدی هەڵەبجە، بیرەوەرییەكی خەمناك و زامێكی قووڵی نیشتمانی و نەتەوەییە، بیرەوەری تاڵی تاوانێکی بێ وێنەیە لەسەر دەستی رژێمی بەعس بەرامبەر ئەم شارە و خەڵکەکەی كرا کە بێگومان تا سەندنەوەی هەقی یەکجارەکی هەڵەبجەش ئەم زامە ساڕێژنەبووە هەروا قوڵپ دەدات
ئەمساڵ كەئەم یادە دەكەینەوە، هەڵەبجە بە هەوڵی بێوچانی دڵسۆزان، بەرەسمی چوارەمین پارێزگای هەرێم و نۆزدەیەمین پارێزگای عێراقی فیدراڵە، بۆیە جیاواز لە ساڵانی رابوورد، ئەركی هەموومانە لە پێناوی هەڵەبجەیەکی ئاوەدان و بوژاوە و سەربەرز گشت تواناکانمان بخەینەگەڕ تاوەكو ماف و شایستە داراییەكانی وەك پارێزگا لە بوجەی گشتیی عێراقدا بچەسپێنرێت، بەجورێک ئەوەی لە دوای راپەڕینەوە حزب و حکومەت پێشكەشی ئەم شارەی كردوە ، بە خزمەتی چەند قاتە پایەدارتر بکرێت و لەوە زیاتر و زۆرتر بۆ هەڵەبجە بکرێت
جارێکی تر لە ئاست ڕۆح و یادی پێنج هەزار شەهیدی بە ناهەق خوێن رژاوی بووکی شارەزوور، سەری رێز و نەوازش دادەنەوێنین، بۆ قوربانیان و یادگارە شیرینەکانی شەهیدانی هەڵەبجەش دەڵێین ئەركمانە هەمیشە بەدەنگ هاواریانەوە بێین و بە تەنگ داخوازییە رەواکانیانەوە بچین
تا ئەبەد هەڵەبجە برینی سارێژ نەبووی نەتەوەیەکە کە هەمیشە لە بیرمانە و لە یاد ناکرێت.
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان