لە بارەی پێشھاتە سیاسییەکان، ھەلومەرجی دوای ھەڵبژاردن، قۆناغی نوێی ئەرک و بەرپرسیاریەتی خەباتی سیاسی، بافڵ تاڵەبانی تێڕوانینە سیاسییەکانی خستەڕوو، ئاماژەی بە خواستی یەکێتی کرد بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای شەراکەتی نیشتمانیی و تەوافق، کە ڕەنگدانەوەی خواستی ھەموو لایەک بێت و ڕایگەیاند یەکێتی پەرۆشی ئەوەیە حکومەتی داھاتووی عێراق لە ئاست خواست و پێویستی و داوای ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری، ئارامی و خۆشگوزەرانی زیاتر نەک لێکترازان و وڵات بەرەو نائارامی زیاتر ببات.


ھاوسەرۆک روونیشکردەوە پەرۆشی ئەوەین کورد بە یەک تیم وەک بەرەیەکی نیشتمانیی کوردستانی بچینە بەغدا و بۆ ئەوەش دەست پێشخەری یەکڕیزی و کۆکردنەوەی ھێزەسیاسییە کوردستانییەکان دەکەین و دەمانەوێت جیاوازی و تێڕوانینەکان، لەودیو حەمرینەوە بکەینە خزمەت ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان.


ھەر لە دیدارەکەدا تەئکید لە ھاریکاری زیاتر و پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان ھەردوولا کرایەوە بە شێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکان بکات.