ئاوی بەنداوی دەربەندیخان رۆژانە حەوت بۆ ھەشت سانتیمەتر کەم دەکات
کوردسات نیوز
٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١
رەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئاوی بەنداوی دەربەندیخان رۆژانە حەوت بۆ ھەشت سانتیمەتر کەم دەکات، تائێستاش بەراوورد بە ساڵی رابردوو حەوت مەتر و ٤٠ سانتیمەتر ئاستی ئاو نزمترە.
وتیشی، کەمبونەوەی ئاوی بەنداوەکە کاریگەری لەسەر کشتوکاڵکردنی ناوچەکانی دیالە ھەبووە، چونکە بەردانەوەی ئاو بەشی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەکو ئاوی خواردنەوە و باخداری ئەو ناوچانە دەکات کەسود لە ئاوی سیروان وەردەگرن.
راشیگەیاند، ساڵانی ١٩٩٩ و ٢٠٠٠ و ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩ ئاستی ئاوی بەداوەکە لە ئاستی ئێستا زیاتر دابەزیبوو، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی کەمی بەفر و بارانبارین داھاتی ئاو بەراوورد بە ساڵانی رابردوو کەمەترە، ھەروەھا ئەو بەنداوانەی لە خاکی ئێران دروست کراون ھۆکارێکی ترە بۆ کەمبونەوەی رێژەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان.



