بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند کە وڵاتەکەی چاوپۆشی لە هیچ جۆرە هێرشێک ناکات کە سەربازەکانی بکاتە ئامانج، و هەڕەشەی ئەوەی کرد کە حزبوڵا "باجێکی زۆر قورس" دەدات لە ئەنجامی هەر هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل.
نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوای ئەو هێرشەی کە هێزەکانی ئیسرائیلی لە باشووری لوبنان کردە ئامانج، لەگەڵ وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی سوپادا کۆبوونەوەی راوێژکاری و هەڵسەنگاندنی ئەمنیی ئەنجامداوە، و رونیکردەوە کە فەرمانی بە سوپا کردووە بە توندی وەڵامی ئەو کارە بدەنەوە کە بە "پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربرست" وەسفی کرد.
باسی لەوەش کرد کە سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر نزیکەی 80 پێگەی سەر بە حزبوڵا، کە بە گوتەی خۆی - بووەتە هۆی کوژرانی دەیان چەکدار، جگە لەوەی بارەگایەکی سەرکردایەتی ئەو حزبەشیان لە ناوچەی بیقاع کردووەتە ئامانج.
نەتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە کە سوپا بەردەوام دەبێت لە جووڵەکانی بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل یان خاکەکەی، و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل هێزەکانی لە ناوچەی ئەمنیی باشووری لوبنان دەهێڵێتەوە تا ئەو کاتەی کە بە پێویستی بزانێت بۆ پاراستنی شارۆچکەکانی باکوور.