سەرۆک کۆماری عیراق، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە ئەنجامدرانە سەر شانشینی عەرەبیی سعودیە و جەختی کردەوە، عیراق بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات خاک یان ئاسمانی بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.
نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند، پاراستنی سەروەریی عیراق و پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناوچەکە، بەرپرسیارێتیی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکانییەتی.
هەروەها پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ رێکارەکانی حکومەت دەربڕی و جەختی لەسەر بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان و سزادانی یاسایی تەواوی ئەنجامدەرانی کردەوە تاوەکو رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە بکرێت.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، عیراق پەرۆشی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ سعودیە و دەوروبەری، و هەوڵی چەسپاندنی ئاسایش و جێگیری لە ناوچەکەدا دەدات، دوور لە هەر رەفتارێک کە ئاسایشی عیراق و پەیوەندییەکانی بخاتە مەترسییەوە.