قوباد تاڵەبانی رایگەیاند:  ئەم ھاوپەیمانییە بەشێکە لەخەونی خوالێخۆشبووان مام جەلال و کاک نەوشیروان کە لەدەباشانەوە گەڵالە کرا، سەرکەوتنیشی دەبێتە ھۆی بەھێزتربونمان بۆ دابینکردنی مافەکانی ھاوڵاتیانی ھەرێمەکەمان.

هەرکۆبونەوەیەدا  شاناز ئیبراھیم ئەحمەد و ئاسۆ رەحیم لێپرسراوانی میحوەری سلێمانی بانگەشەی ھەڵبژاردن و کاندیدەکانی ھاوپەیمانی کوردستان ئامادەیبوون.

قوباد تاڵەبانی داوای لەلێپرسراوانی کۆمیتە و مەکۆکان کرد کەریزەکانی خۆیان رێکبخەنەوە و زیاتر بچنە ناو جەماوەر و ھەوڵەکانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئاشتکردنەوەی خەڵک و گێڕانەوەی متمانەی دەنگدەران بۆ بەشداریکردنیان لەپرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا.

قوباد تاڵەبانی وتیشی: راستە زۆربەتان گلەییتان ھەیە لەسەر شێوازی حوکمڕانی و سیاسەت و خزمەتگوزاری، بەڵام ئەم ھەڵبژاردنە بۆ بەغدادە، دەبێت بەیەکەوە و بەیەکڕیزی بەرەو بەغداد ھەنگاو بنێین بۆ ئەوەی باشتر کاربکەین لەپێناو بەدەستھێنانی مافەکانی ھاوڵاتیان دا.

قوباد تاڵەبانی سەرۆکی ھاوپەیمانی کوردستان جەختیشی کردەوە کە، بەیەکەوە بین، دەتوانین باشتر بەرگری لەمافەکانمان بکەین، چونکە سەلماندمان کاتێ بەیەک دەنگ و یەک تیم چوینە بەغدا، توانیمان مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم زامن بکەین.

دواتر و لەوتەیەکیدا ئاسۆ رەحیم رایگەیاند، پێویستە ھەموومان بەیەکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی کاندیدەکانمان سەرخەین، ئاماژەی بەوەشدا کە لە ئێستادا خەباتی ئێمە ئەوەیە کە کاری پێکەوەیی بکەین بۆ سەرخستنی ھاوپەیمانی بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کورد و نەھێشتنی ناعەدالەتی.

لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا و لەوتەیەکیدا  شاناز ئیبراھیم ئەحمەد رایگەیاند، خۆشحاڵم لەقەڵای سەوزەوە پێکەوەین لەگەڵ گۆڕان، کاری ھاوبەشی دەکەین و بەھەمووان دەڵێین؛ بەیەکەوە بەھێزترین. 
وتیشی: ئەمجارە کەپێکەوە دەچینە بەغداد، بەھێزترین بۆ دەستەبەرکردنی ھەموو مافەکانی گەلی کورد و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان. 


شاناز ئیبراھیم ئەحمەد بەلێپرسراوی کۆمیتە و مەکۆکانی راگەیاند : بۆ ئەم ھەڵبژاردنە، داواتان لێدەکەم ھەمووتان کار بکەن بۆ سەرخستنی کاندیدەکانی ھاوپەیمانی کوردستان، کە ئەوە بۆ ئەمڕۆ ئەرکی سەرشانی ھەموومانە.

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا ھەردوو کاندیدی بازنەی ١ لەپارێزگای سلێمانی، شاسوار ئەمین کاندیدی ژمارە ٢٥ و شوناس حسێن کاندیدی ژمارە ٣٢ خۆیان ناساند و پەیام و بەرنامەی خۆیان بۆ خزمەتکردن خستەڕوو، راشیانگەیاند کەدوای سەرکەوتنیان ھەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بۆ بەدەستھێنانی ماف و شایستە داراییەکانی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، دووپاتیشیان کردەوە کەسەرکەوتنی ھاوپەیمانێتی کوردستان سەرکەوتنی ھەموو گەلی کوردستانە و سەنگ و پێگەی گەلی کورد بەھێزتر دەکات لەھاوکێشە سیاسی و ئیقلیمیەکاندا.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان سەرنج و تێبینیەکانی خۆیان خستەڕوو لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی بانگەشەی ھەڵبژاردن و پەرۆشی خۆیان دەربڕی بۆ سەرخستنی کاندیدەکانی ھاوپەیمانی کوردستان تا تیمێکی بەھێز بچێتە بەغدا و بەرگری لەمافە دەستورییەکانی گەلی کوردستان بکات.