رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ٩ کۆچبەری خۆر ھەڵاتی کوردستان کە خەڵکی شاری پاوەن، ھەوڵی ئەوەیان داوە بە رێگەی قاچاغ خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا، لە رۆژی  ٢١ ی ئابی رابردوو، لە شاری ئیزمیری تورکیا دەستگیرکراون و دوای ئەوەی خۆیان بە سوری ناساندوە، حکومەتی تورکیاش رادەستی سوریایی کردون.


رونیشیکردووەتەوە، ئەو کۆچبەرانە دیپۆرتی شاری عەزاز کراون لە باکوری سوریا، لە ئێستاشدا لە کەمپێکی بەرەی نوسرە دەستبەسەر کراون.


ئەوەش لە کاتێکدایە، ھەفتەی رابردوو دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارەو پەنابەران، ٥٤ کۆچبەری باشوری کوردستانی لە سوریاوە گەڕاندەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، کە لەلایەن تورکیاوە رادەستی بەرەی نوسرە کرابوون.