قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە ستافی نوێی کۆنسوڵخانەی بەریتانیا لە ھەرێم کرد
کوردسات نیوز
١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢١
لە کۆبوونەوەیەکدا ئەمڕۆ لە ھەولێر، قوباد تاڵەبانی وێڕای پیرۆزبایی لە ستافی نوێی کۆنسوڵخانەی بەریتانیا، داوای کرد کاربکەن لە پێناو دەستەبەرکردنی پشتیوانی بەریتانیا بۆ پرۆسەی چاکسازی و پەرەپێدانی حوکمڕانی لە کوردستان بۆ ئەوەی بتوانرێت لەو ڕێگەیەوە خزمەتگوزاری باشتر پێشکەش بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکرێت.
ھەردوولا ھاوڕابوون لەبارەی گرنگی ھەڵبژاردنی ١٠ی مانگی داھاتوو، جەختیشیان کردەوە دەبێت بە شێوازێکی تەندروست و پاکوبێگەرد بەڕێوەبچێت. شاندە بەریتانییەکە ئامادەیی وڵاتەکەیان دەربڕی بۆ ڕەوانەکردنی چاودێر بۆ ھەڵسەنگاندنی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی بەند و باوە یاسایی و دیموکراسییەکان.
قوباد تاڵەبانی داوایکرد بەریتانیا گەرمتر لە جاران پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بباتە پێشەوە، شاندەکەش پابەندی وڵاتەکەیان دووپات کردەوە بە درێژەدان بە ھاوکارییەکان و پەیوەندییەکان و باشترکردنیان لە قۆناغی داھاتوودا بە تایبەت پاش کشانەوەی ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا و ھاوپەیمانان لە کۆتایی ئەم ساڵ.
جێگری سەرۆک وەزیران داوای لە کونسوڵخانەی بەریتانیا کرد لە سەردان و چالاکییەکانیاندا سەرجەم دەڤەر و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەسەر بکەنەوە و چالاکییەکانیان تەنھا لە سەنتەری شارە گەورەکاندا چڕ نەکەنەوە، شاندەکەش بە گرنگییەوە پێشنیارەکەیان وەرگرت.