لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی قۆناغی ئێستای کوردستان و عێراق و بارودۆخی سیاسی و ئابوری و دوایین گۆڕانکارییەکان، ھاوکات تاوتوێی کێشە و داواکانی خەڵک پەیوەست بە دامودەزگاکانەوە کرا و لەو سۆنگەیەوە ئاماژە بەو ھەنگاوانە کرا کە دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستە بیگرنەبەر بۆ باشتر خزمەتکردنی ھاوڵاتیان و پێشکەشکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییە پێویست و گرنگەکان.


لەم رووەوە رۆڵی تیمی یەکێتی لەحکومەتی خۆجێیی بەگرنگ زانرا بۆئەوەی باشترین خزمەتگوزاری پێشکەشی ھاوڵاتیان بکرێت و بەدەنگ داخوازی و داواکارییەکانیانەوە بچن.


لە کۆبوونەوەکەدا شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، بە داتا و ژمارە، ئاماژەیدا بەچەند پرسێکی پەیوەندیدار کەسکاڵا و داواکاری خەڵکی لەبارەیانەوە ئاڕاستە کراوە، و ڕایگەیاند: دووپاتی دەکەمەوە کە پشتیوانی سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت دەبم لەپێناو پێشکەشکردنی خزمەتی زیاتر بە ھاووڵاتیان، لەم ڕووەشەوە دیاریکردنی بەرپرسیارێتی و یەکخستنی تواناکانی بۆ خزمەتکردنی باشتری پایتەختی رۆشنبیری و دانیشتووانەکەی و چاککردن و پێداچوونەوە بەڕێڕەوی کارکردنیان بەپێویست و گرنگ لە قەڵەمدا.


لای خۆیانەوە، سەرۆکی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان، ستایشی ھەڵوێست و پشتیوانییە بەردەوامەکانی شاناز-یان کرد، وەک خانمێکی کاریگەر و کەسایەتییەکی دیار، دواتر زانیاری تایبەت بە فەرمانگەکانیان و ئەرک و بەرپرسیارێتیان، و سیستم و میکانیزمەکانیان بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتیان و شاری سلێمانی خستەڕوو، ئاماژەشیاندا بەو کێشە قانوونی و کارگێڕی و گرفتانەدا کە بەھۆی شۆڕنەکردنەوەی دەسەڵاتی وەزارەتەکان رووبەڕوویان دەبێتەوە، لەو ڕوانگەیەوە، دروست کردنی ھاودەنگی لەنێوان ھەموو بەشەکانی حکومەتی خۆجێیدا بەگرنگ زانرا، و ھەمووان ھاوڕابوون لەپێویستی گرتنەبەری میکانیزمی گونجاوتر بۆ خزمەتکردنی خەڵک.

لەتەوەرێکی تردا و لەبارەی بانگەشەی ھەڵبژاردنەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد داوای کرد ھەمووان رۆڵی خۆیان ببینن بۆ ھاندانی ھاوڵاتیان لەپێناو بەشداریکردن لەپرۆسەکەدا، تا زۆرترین نوێنەری شاری سلێمانی بچێتە بەغداد بە ئامانجی داکۆکیکردن لەمافە ڕەواکانی گەلی کورد و دابینکردنی موچەی موچەخۆران و بودجەی پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتری ئەم شارە.