ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە، داوای لە ئێرانییەکان کرد پشتگیری لەوانە بکەن کە خزمەتی وڵات دەکەن، بەتایبەتی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆمار. هاوکات جەختیکردەوە کە گەلی ئێران بە هەموو هێزێکییەوە رووبەڕووی داواکاریی "سووکایەتیپێکراوی" ئەمریکا بۆ ملکەچبوون و گوێڕایەڵی دەبێتەوە.
خامنەیی لە وتارێکیدا لە بۆنەیەکی ئایینیدا پرسیاری ئەوەی وروژاند کە هۆکاری دوژمنایەتیی 45ساڵەی ئەمریکا بۆ ئێران چییە و وتی: "پێشتر هۆکاری راستەقینەیان دەشاردەوە و بیانوی وەک 'بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر'، 'مافی مرۆڤ'، 'پرسی ژنان' یان 'دیموکراسی'یان دەهێنایەوە، یان بە زمانێکی دیپلۆماسی دەیانوت: دەمانەوێت رەفتاری ئێران بگۆڕین."
رابەری باڵای ئێران وتیشی: "بەڵام ئەم پیاوەی ئەمڕۆ حوکمی ئەمریکا دەکات، راستییەکەی ئاشکرا کرد و بە راشکاوی وتی: دوژمنایەتیمان بۆ ئێران لەبەر ئەوەیە کە دەمانەوێت ئێران ملکەچی فەرمانەکانی ئەمریکا بێت."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "دوژمنانی ئێران" لەوە تێگەیشتوون کە "لە رێگەی خۆڕاگری و یەکڕیزیی گەل، بەرپرسان و هێزە چەکدارەکان و شکستە سەختەکانیان لە هێرشە سەربازییەکاندا، ناتوانن لە رێگەی جەنگەوە گەلی ئێران بەچۆکدا بهێنن"، بۆیە ئێستا هەوڵدەدەن لە رێگەی "دروستکردنی دووبەرەکی لە وڵاتدا" بە ئامانجەکانیان بگەن.
لە بەرامبەردا، خامنەیی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە "هەموو خەڵک، بەرپرسان و نووسەران بە هەموو توانایانەوە پارێزگاری لە یەکێتیی ئێران بکەن و بەهێزتری بکەن."
لە کۆتاییدا رابەری باڵای ئێران داوای کرد، "پێویستە هەمووان پشتگیری لەوانە بکەن کە خزمەتی وڵات دەکەن، بەتایبەتی سەرۆک کۆمار، مەسعود پزیشکیان،" کە بە کەسێکی "پەرۆش و ماندوونەناس" وەسفی کرد.