دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە دۆخی غەززە زۆر خراپە و پێویستە 20 بارمتەکە ئازاد بکرێن.
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی: "پێویستە کۆتایی بەو کابوسە بهێنین لە کەرتی غەززە روودەدات."
سەبارەت بە بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەی ناسر لە کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "من بەوە دڵخۆش نیم". ترەمپ جەختیشی کردەوە کە ئاگاداری بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی ناسر نەبووە.
ئاژانسی هەواڵی فەڵەستینی "وەفا" بڵاویکردەوە کە ژمارەی کوژراوان لە بۆردوومانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کۆمەڵگەی پزیشکیی ناسر لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە، گەیشتووەتە 16 فەڵەستینی، کە لەنێویاندا پێنج رۆژنامەنووس و ژمارەیەک فریاگوزار هەن.
پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەدا کە کەسانی دیکەش لەو بۆردوومانەی ئیسرائیلدا برینداربوون کە کۆمەڵگەی پزیشکیی ناسری لە خان یونس کردە ئامانج.
پێشتریش روونکرابووەوە کە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل رۆژنامەنووسان و تیمێکی بەرگریی شارستانیی فەڵەستینی کردبووە ئامانج.
ئاژانسی "وەفا" لە زاری سەرچاوەیەکی پزیشکییەوە بڵاویکردەوە کە ڕۆژنامەنووسە کوژراوەکان بریتین لە:
-
حوسام ئەلمیسری: وێنەگری رۆژنامەوانی لە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز.
-
محەمەد سەلامە: وێنەگری رۆژنامەوانی لە کەناڵی ئەلجەزیرە.
-
مەریەم ئەبوو دەقە: رۆژنامەنووس، کاری بۆ چەندین دەزگای میدیایی کردووە لەوانە ئیندپێندێنت عەرەبییە و ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس (AP).
-
موعاز ئەبوو تەها: رۆژنامەنووس، کاری بۆ تۆڕی NBCی ئەمریکی کردووە.
-
ئەحمەد ئەبوو عەزیز: رۆژنامەنووس، کاری بۆ تۆڕی قودسی ناوخۆیی کردووە.
هەروەها ژمارەیەک لە تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگریی شارستانی لەکاتی گواستنەوەی بریندارەکاندا شەهید بوون.