سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: لە ئێستادا ئێران شکستخواردووە و رێککەوتنی دەوێت، بەڵام ئەو قبوڵی نییە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند، ئێران لە ئێستادا لە رەوشێکی "شکستخواردووی تەواوەتی" دایە، جەختیشی کردەوە، تاران بەهۆی ئەو گورزە کوشندانەی بەریکەوتووە، داوای ئیمزاکردنی رێککەوتن دەکات، بەڵام ئەو ئامادە نییە هیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ بکات.
ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، ئێران چیتر خاوەنی بەرگریی ئاسمانی، هێزی ئاسمانی، هێزی دەریایی و سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو نییە و سوپاکەی لە لێواری "مانەوە" دایە.
ساەرۆکی ئەمریکا، رەخنەی توندی لە میدیاکان گرت و بە "درۆزن" وەسفی کردن، بەو پێیەی نایانەوێت باس لە "سەرکەوتنە مەزنەکانی سوپای ئەمریکا" دژی ئێران بکەن.
راشیگەیاند، ئێرانییەکان دوای لەدەستدانی هێز و سەرکردەکانیان، داوای دانوستانیان کردووە، بەڵام ئەو وەڵامی داونەتەوە و وتوویەتی: "کات بەسەرچوو، ئێستا زۆر درەنگە".
ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەمریکا تەنها بە "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ئێران" رازی دەبێت.