وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشدارییەکی توند ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی تاران دەکات و رایدەگەیەنێت، هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەی وەڵامێکی وێرانکەری بەدوادادێت.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە حاڵەتی ئامادەباشییدایە و ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی بەهێزترین وەڵامدانەوە، ئەگەر بێت و ئێران بە هەر هۆکارێک یان لە هەر شوێنێکەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەو گۆشەگیرییە ئابورییە و فشارە زۆرانەی لەسەر ئێرانن، ئەگەری هەیە تاران دەستپێشخەری بکات، بەڵام هەر وەڵامدانەوەیەکی ئیسرائیل، زەبرێکی وا لە ژێرخانی وزە و ئابوریی ئەو وڵاتە دەدات کە ئێران بە دەیان ساڵ بۆ دواوە بباتەوە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختیشی کردەوە، لێدان لە دامەزراوەکانی وزەی ئێران کە سەرچاوەی دارایی ئامێری جەنگیی ئەو وڵاتەن، وێراندەکرێن و پایەکانی دەسەڵاتی تاران بەرەو لاواز دەبێت.