لە راگەیەنراوێکدا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە ماوەی ڕابردوودا بێ ئەوەی وەزارەتی تەندروستی ھیچ ڕێنماییەک بۆ بەکارھێنانی جۆرەکانی ڤاکسین و دیاریکردنی ئاستەکانی تەمەن بڵاوبکاتەوە سەدان ھاوڵاتی لە تەمەنە جیاوازەکان بە ڤاکسین کوتراون، بەڵام دوای کوتانی ئەو رێژە زۆرەی ھاوڵاتیان رۆژی ١٦ی ئەم مانگە وەزارەتی تەندروستی چەند رێنماییەکی ‌ سەبارەت بە بەرنامەی کوتانی ھاووڵاتیان ڤاکسینەکان بڵاوکردۆتەوە. 


دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ نیگەرانی دەردەبڕێت لە درەنگ کەوتنی دەرکردنی بەرنامەی کوتان و راشیگەیاند، پێویستە وەزارەتی تەندروستی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێ لەبەرامبەر ھەر لێکەوتەیەک لەسەر ژیانی ئەو ھاوڵاتیانەی لە ماوەی ڕابردوودا ڤاکسینیان بۆ بەکارھێنراوە.