ھیچ ڕێگرییەک لەبەردەم ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە بۆ ھەرێم نەماوە
کوردسات نیوز
١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١
د. فازل نەبی شارەزای ئابوری و بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەگەر ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی بڕیاری ناردنی ئەو ٢٠٠ ملیارە بدات بۆ ھەرێمی کوردستان وەزیری دارایی دەتوانێت رێگری بکات، بەڵام ئەوەی ھەیە لە ئێستادا ھیچ کێشەیەکی یاسایی لەبەردەم ناردنی پشکی ھەرێم نەماوە.
باسی لەوەشکرد، بەھۆی ئەوەی کەسی شارەزای ئابوری نییە بۆیە بڕیارەکە بەوجۆرە دراوە، ئەگەر بەپێی ئەو ڕێککەوتنە بوایە کە کراوە لە یاسای بودجە ھیچ رێگرییەک نەدەما بۆ ناردنی بەڵام ئەوەی ئێستا ھەیە رەنگە مەترسی لەسەر دروست ببێت.
ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەوەی بەرچاو روونی ھەیە رەنگە ئەو ٢٠٠ ملیارە تارادەیەک جێگیربێت بەڵام ئەگەر نرخی نەوت زیاتر بەرز ببێتەوەو داوای داھاتی زیاتری دەروازە سنورییەکان بکەن رەنگە لەو ٢٠٠ ملیارە کەمتر رەوانەی ھەرێم بکرێت.
سەبارەت بە لابردنی لێبڕنی مووچە لەھەرێمی کوردستان، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی وتی، "ئەگەر نەتوانرێت بڕینی ٢١% چەند مانگی پێشووی ئەمساڵ بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم بگەڕێنرێتەوە حکومەتی ھەرێم دەتوانێت بەوپارەیە لێبڕینی مووچە بۆ شەش مانگی ئەمساڵ ھەڵبگرێت".