بافڵ تاڵەبانی : باوەڕمان بە دیالۆگ و چارەسەرکردنی کێشەکانە بەشێوەیەک کە لەخزمەت کۆمەڵانی خەڵکدا بێت
کوردسات نیوز
١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١
بافڵ تاڵەبانی بێڵ ریچارد
ھەر لەدیدارێکدا گفتوگۆکرا لەبارەی ھەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە، پەرەپێدانی توانا سەربازییەکان، پلانی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و رۆڵی یەکێتی لەچارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێم و عێراق و دەرئەنجامی کۆبوونەکانی وەفدی یەکێتی لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی عێراق و لایەنی سیاسی و باڵیۆزخانەکان.
ھاوکات ھاوسەرۆک بەگرنگییەوە باسی لەھەوڵەکانی یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە کرد و پشتیوانی و ئامادەیی یەکێتی دەربڕی بۆ سەرخستنی ھەنگاوەکانی یەکخستنەوەی یەکە سەربازییەکان و ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی لەم پرۆسە گرنگ و نیشتمانییەدا پەرۆشی بونیادنانی ھێزێکی تۆکمە و راھێنراوی سەربازییە کە رەنگدانەوەی واقیعی ئەمڕۆ بێت و لەسەر بنەمای نەتەوەیی، شەراکەت و ھاوسەنگی ھێزەکان یەکبخرێنەوە. بۆ ئەوەش ھەماھەنگی و ھاریکاری زیاتری ھێزەکانی ھاوپەیمانانی بەپێویست زانی لەڕووی مەشقپێکردن و دابینکردنی ھاوکاری سەربازی.
لەبارەی بۆشایی ئەمنی لەچەند ناوچەیەکی عێراق و سووریا و جموجوڵی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش ، بافڵ تاڵەبانی مەترسییەکانی تیرۆری نەشاردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد ، ئەگەر پلانەکان نەگۆڕدرێن و ھاریکارییەکان فراوانتر نەکرێن ئەوا چەند ناوچەیەک کە کێشەی ئەمنییان ھەیە دەکەونە ژێر مەترسی ھێزە تیرۆریستەکانەوە و بۆئەوەش ستراتیژی نوێی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعشی ئاشکراکرد و ھەموو ھاوکارییەکی لەوڕووەوە لەپێناو سەقامگیری زیاتری ئارامی و ئاسایش دەربڕی.
پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو و ھاوسەرۆک دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی عێراق و ھێز و لایەنە سیاسییەکان و دیپلۆماتکاران بۆ وەفدی میوان روونکردەوە و وتی، یەکێتی پەرۆشی پەیوەندییەکی دۆستانەیە لەگەڵ ھەموو ھێز و لایەنەکان و باوەڕمان بە دیالۆگ و چارەسەرکردنی کێشەکانە بەشێوەیەک کە لەخزمەت کۆمەڵانی خەڵکدا بێت و بەرژەوەندییە باڵاکان پارێزراوبن.