خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئامادەی رێوڕەسمی کردنەوەی شەشەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی بوو، کە بە پاڵپشتیی میدیایی دەزگای میدیایی کوردسات و بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان، ئەکتەر، سینەماکاران و فیلمسازان بەڕێوەچوو.
لەو ئێوارە هونەرییە پڕشکۆیەدا، لە نێو هەستی قوڵی هونەری و ئامادەبوونی کۆمەڵێک کەسایەتیی دیار و ناسراوی بواری سینەما و هونەر، بەرهەمی هونەری جۆراوجۆر پێشکەش کران.
بەشداریی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەم بۆنە هونەرییەدا، جەختکردنەوەیە لەسەر گرنگیی هونەر و سینەما لە پەرەپێدانی کلتور، ڕۆشنبیری و ئاوێتەبونی کۆمەڵگەکان، هەروەها پشتگیریی بەرهەمهێنەرانی بواری هونەر و فیلمسازیی کوردی لەپایتەختی ڕۆشنبیری.
فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی یەکێکە لە بۆنە هونەرییە گرنگەکان، کە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە ناساندنی توانای هونەری و سینەمایی کورد و بەستنەوەی پەیوەندی و کاری هاوبەشی هونەرمەندانی ناوخۆ بە بواری سینەمای نێودەوڵەتییەوە.