پەرلەمان لەسەر ئاگرەکەی کەمپی ئاوارەکانی شاریا هاتە دەنگ
کوردسات نیوز
٤ی حوزەیرانی ٢٠٢١
لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئیدانەی ئەو رەوشە دەکەن کە ڕۆژانە و بەشێوەی جیاواز ڕووبەڕووی ئێزدییەکان دەبنەوە و ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات بەھۆی کەوتەوەی ئاگرەکەی کەمپی ئاوارەکانی کۆمەڵگەی شاریا لە دھۆک، زیاتر لە ٥٠٠ خێوەت سووتاوە، بۆ ئەوەوی ھاوڵاتیان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لیژنەکە داوا دەکات پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان حکومەتی ھەرێم و عێراق بۆ ئاسایکردنەوەی ڕەوشی ئەمنی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ شەنگال کراوە.
لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم راشیگەیاند، رەوشی ناوچە کوردستانییەکان پێویستییان بە ئاساییکردنەوەیە و ناکرێ لەوە زیاتر دوابخرێت و ھاوڵاتیان ببنە قوربانی.
دەقی راگەیەندراوەکە...
وەکو لیژنەی ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە پەرلەمانی کوردستان، بەھەموو شێوەیەک ئیدانەی ئەم بارودۆخە دەکەین کە ڕۆژانەو بەشێوەی جیاواز ڕووبەڕووی خوشک و برایانی ئێزدییەکانمان دەبنەوە، ئەمڕۆش زیاتر لە ٥٠٠ خێوەت لە کەمپی شاریا سووتاوە، ئەم رووداوە گرنگی و پێویستیی دانوستانەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراقی دووپات دەکاتەوە کەپێویستە پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی بۆ شنگال کراوەو ڕەوشی ئەو ناوچەیە لەڕووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە کاری لەسەر بکرێت، تاوەکو ھاووڵاتییانمان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
لەکۆتاییدا ڕایدەگەیەنین کە دۆخی ناوچەکوردستانییەکان پێویستییان بە ئاساییکردنەوەیەو ناکرێ لەوە زیاتر دوابخرێ و ھاووڵاتییانمان ببنە قوربانی.
لیژنەی ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە پەرلەمانی کوردستان
٤ی حوزەیرانی ۲٠۲۱