بافڵ تاڵەبانی، سەردانی فەرماندەیی ھێزەکانی حەفتای کردو  لەکۆبوونەوەیەکدا  رایگەیاند، یەکێتی پاڵپشت و ھاوکاری ھەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە دەکات و دەیانەوێت ھێزێک بونیادبنێینەوە کە لەئاست گۆڕانکارییە ئەمنی و سەربازییەکان بێت. لەڕووی نەتەوەییشەوە ببنە خاوەنی ھێزێکی پڕچەک، تۆکمە و راھێنراو کە بەرژەوەندییە گشتییەکانی خاک و وڵاتەکەیان بپارێزێت، بەڵام لەگەڵ ئەو ھەنگاوانەش رێگەنادەن لەو پرۆسە نیشتمانییەدا بەرژەوەندی حزبی زاڵبکرێت و ناھاوسەنگی دروستبکرێت. دەبێت لە یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بنەماکانی یەکسانی، دادپەروەری و نیشتمانی رەچاو بکرێت.
سەبارەت بە ژیان و گوزەرانی ھێزەکانی پێشمەرگە و دواکەتنی مووچەی چەند لیوایەکی ھاوبەش، ھاوسەرۆکی یەکێتی نیگەرانی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، لەرێگەی نوێنەرەکانیانەوە لە حکومەت داوایانکردووە ئەم کێشەیە بە خێرایی چارەسەربکرێت و رێگەنەدرێت ژیان و قوتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بخرێتە ناو کێشمەکێش و ململانێکانەوە.
 لە درێژەی سەردانەکەدا بافڵ تاڵەبانی بارەگای دەزگای ھەواڵگریی پێشمەرگەی بەسەرکردەوەو لەبەرامبەر ماندووبوون و رۆڵی دەزگاکە لەپاراستنی ئاسایش و ئارامی ھەرێم، سوپاس و دەستخۆشی لە جەلال شێخ ناجی، لێپرسراوی دەزگای ھەواڵگری پێشمەرگە و ئەفسەران و کارمەندانی دەزگاکە کرد کە لەخۆبووردووانە لەئەرکدان و ھاوکار و پشتیوانی ھێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش، ناوخۆ و ھێزەکانی دژەتیرۆرن و وەک یەک تیم بۆ پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتییان کاردەکەن.