بانکی ناوەندی عیراق بڵاویکردەوە، یەدەگی عیراق لە 70 ملیار دۆلارەوە گەیشتووەتە 80 ملیار دۆلار و نزیکەی ملیارێک دۆلاری کاشیش گەیشتووەتە عیراق.

بانکی ناوەندی عێراق، ئەمڕۆ، بوژانەوە و بەرزبوونەوەی یەدەگی دۆلاری عیراقی بۆ نزیکەی 80 ملیار دۆلار لە ماوەی مانگەکانی ئەیلول و تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا راگەیاند، هاوکات پەیامێکی دڵنیایی ئاڕاستەی هاووڵاتیان کرد سەبارەت بە بەردەستبوونی دۆلاری کاش و ئاماژەی بە بەردەوامیی گەیشتنی دۆلاری نوێی لە رۆژانی داهاتوودا کرد.

وتەبێژی بانکی ناوەندی عیراق رایگەیاند، کۆی یەدەگی دراوی دۆلار، چ لە هەژماری بانکی ناوەندی بێت یان لە هەژماری حکومەت لە بانکى فیدراڵی، لە ماوەی مانگەکانی ئەیلول و تشرینی یەکەمی ساڵی 2026دا باشتر بووە دوای ئەوەی پێشتر بۆ 73 ملیار دۆلار دابەزیبوو، بەڵام ئێستا یەدەگەکە گەڕاوەتەوە بۆ نزیکەی 80 ملیار دۆلار."

وتیشی، رەوشی یەدەگی زێڕ هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و بڕەکەی لە 170 تۆندا ماوەتەوە.

وتەبێژی بانکی ناوەندی جەختیکردەوە، باشبوونی یەدەگی دۆلار لەم دوو مانگەدا بەهۆی داهاتی هەناردەکردنی نەوت بووە کە گەیشتووەتە نزیکەی شەش ملیار دۆلار، ئەمەش ئاستێکی پەسەندکراوە لە سایەی قەیرانی ئێستادا.

ئاماژەی بەوەشکرد، گرفتە سەرەکییەکەی عیراق پشتبەستنی زۆرە بە نەوت وەک داهاتی گشتی و بۆ دابینکردنی خەرجییەکان، بەتایبەت موچە.

وتەبێژی وەزارەتی بانکی ناوەندی، داوای لە وەزارەتی دارایی کرد هەوڵەکانی چڕبکاتەوە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی دیکە تا پشتبەستن بە یەدەگەکان کەمبکرێتەوە.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، عەلی زەیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران خۆی بە شێوەیەکی راستەوخۆ چاودێری گەیشتنی دۆلاری کاش دەکات، کە هەر فڕۆکەیەکی بارهەڵگر نزیکەی نیو ملیار دۆلاری تێدایە.

وتیشی، دوو فڕۆکەی بارهەڵگر بەبڕی پێویستی دۆلاری کاش گەیشتوونەتە وڵات و لە رۆژانی داهاتوودا دۆلاری تری کاش دەگاتە عیراق.

وتەبێژی بانکی ناوەندی ئەوەشی خستەڕوو، گەیشتنی بەردەوامی دۆلاری کاش بەستراوەتەوە بە بارودۆخی ئەمنییەوە، چونکە هەڵگیرسانی هەر شەڕ یان ئاڵۆزییەک دەبێتە ئاستەنگ لەبەرانبەر دابینکردنی پاراستنی پێویست بۆ گواستنەوەی ئەو بڕە پارانە کە هەر بارێکیان نیو ملیار دۆلارە.