راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، گۆڕانکاری لە نرخى ئاڵوگۆڕى دراودا بەشێکە لە هەنگاوی پێشوەختە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەر قەیرانێک و پاراستنی سەقامگیریی ئابوریی و دارایی وڵات، ئاشکراشی دەکات پرۆسەی دابینکردنی پارە بۆ بازرگانیی دەرەکی بەشێوەیەکی بەردەوام و ئاسایی بەڕێوەدەچێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، جێگیریی نرخى دیناری عیراقی بەرانبەر دۆلار و دراوە بیانییەکان، بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە بەردەستبوونی دراوی بیانی و توانای ئابوریی وڵات لە دابینکردنی پێداویستییەکانی بازرگانیی دەرەکی.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئاڵۆزی و ئاڵەنگارییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت لێکەوتەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی رەنگە کاربکەنە سەر هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی گەروی هورمزەوە، عیراق پێویستی بە گرتنەبەری رێکاری وشیارانە و پێشوەختە هەیە بۆ پاراستنی داهاتی نەوت و رەوتى هاتنی دراوی بیانی.
راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عیراق جەختیشیکردەوە، ئەو رێکارانەی گیراونەتەبەر بە مانای بوونی ئاڵۆزی یان کەلەبەر لە ئابوریی عیراقدا نایەن، بەڵکو تەنها وەک خۆئامادەکردن و دروستکردنی پەناگەیەکی ئارامی داراییە بۆ هەر پێشهاتێک کە کاربکاتە سەر داهاتی دەوڵەت و تواناکانی لە دابینکردنی خەرجییە گشتییەکان.
مەزهەر محەمەد ساڵح ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی کە حکومەت لە رێگەی گومرک، باج، و بەردەوامیی پاڵپشتیکردنی بەرهەمە سەرەکییەکانی وەک خۆراک، دەرمان و سوتەمەنی، رێگە نادات بارگرانی بکەوێتە سەر شانی هاووڵاتییان و ئامانج لەم هەنگاوانە پاراستنی ئاستی بژێوی و توانای کڕینی هاووڵاتییانە لە هەر شۆکێکی دەرەکیی بازاڕی نەوت.