دیلان غەفور: هەرێم و بەغداد لەسەر سێ خاڵی سەرەکیی بودجەی 2027 نەگەیشتوونەتە رێککەوتن
سەوسەن سەید
٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
دیلان غەفور لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 دەڵێت: بەردەوامن لە کارکردن و لەو چوارچێوەیەشدا لیژنەی دارایی میوانداریی وەزیری دارایی عیراقی کردووە، بەڵام هێشتا لەسەر بەشەبودجەی هەرێم و شایستە داراییەکانی رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە.
بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە، ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ لەسەر سێ خاڵی سەرەکی کۆبووەتەوە:
- هەرێمی کوردستان داوا دەکات پشکی لە بودجەدا بە رێژەی %14.14 بێت بەپێی ئەنجامی دواین سەرژمێریی گشتی.
- لە بەرانبەریشدا بەغداد پشکی هەرێمی بە %12.7 دیاری کردووە و هۆکارەکەشی بۆ ئاوارەکان، هەڵگرانی ئیقامە و ئەو کەسانە دەگەڕێنێتەوە کە عێراقی نین.
- بەغداد داواش دەکات هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات، بەڵام هەرێم بەم پێشنیازە رازی نییە و جەخت لەسەر رادەستکردنی 250 تا 280 هەزار بەرمیل دەکاتەوە بەپێی رێککەوتنەکانی پێشوو.
- حکومەتی عیراق داهاتی باج و گومرگ بە "سەرەوەری" (سیادی) دەزانێت و داوای گەڕاندنەوەی بۆ ناوەند دەکات، بە پشتبەستن بە تەفسیرێکی ئەنجومەنی دەوڵەت.
- لە بەرانبەردا هەرێمی کوردستان ئەو رایە ڕەت دەکاتەوە و بە داهاتی سەروەریی ئەژمێر ناکات.


