کۆگای ستراتیژیی نەوتی خاوی ئەمریکا دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 283.8 ملیۆن بەرمیل، کە ئەمەش نزمترین ئاستییەتی لە دوای مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 1982ەوە.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی وزەی ئەمریکا، دوای دەرهێنانی 172ملیۆن بەرمیل نەوت لە کۆگا ستراتیژییەکەی وڵاتەکە بە مەبەستی روبەڕوبونەوەی قەیرانی وزە، لە ئێستادا 60٪ی کۆگاکە بەتاڵە، کە ئەمەش روداوێکە لە ماوەی نزیکەی 44 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە.

لە هەمان کاتدا، فاتیح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاند؛ وەستانی هەناردەی گازی روسیا بۆ ئەوروپا و دروستبونی ئاستەنگ لە دابینکردنی نەوت لە رێگەی گەروی هورمزەوە، شۆکێکی گەورەیان بۆ ئابوریی جیهان دروست کردووە.

کۆگای ستراتیژیی نەوتی ئەمریکا لە ساڵی 1975 و دوای قەیرانی گۆشەگیرکردنی نەوتی عەرەبی لە جەنگی ئۆکتۆبەری 1973دا دامەزرا، کە بە گەورەترین کۆگای باری لەناکاو لە جیهاندا ئەژمار دەکرێت.

توانای گشتیی کۆگاکردن لەم دامەزراوەیەدا دەگاتە 714 ملیۆن بەرمیل، بەڵام لە ئێستادا تەنها نزیکەی 40٪ی تواناکەی نەوتی تێدایە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی ئاڵۆزییە سەربازییەکان و جەنگی ناوچەکەوە قەیرانی وزە روی لە جیهان کردووە و نرخی سوتەمەنیش لە ناوخۆی ئەمریکا بە رێژەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە.