تەمویلی موچەی مانگی 8ـی موچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم.

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاندووە: بڕی 831 ملیار و 666 ملیۆن دینار وەک تەمویلی موچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق.

دارایی هەرێم دەشڵێت: هاوشێوەی چەند مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی ئاب لە کۆی تەمویلی موچە بڕیوە.

دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە: ئەوە سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 6 ملیار و 30 ملیۆن و 166 هەزار دیناری لە تەمویلی موچەی مانگی ئاب نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی موچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.

سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی موچەی مانگی هەشت، وەزارەتی دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەداوە، دوای تەواوکردنی رێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق، راستەوخۆ لیستی موچە بڵاودەکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی موچەی مانگی ئاب دەکرێت